مامۆستایەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سنە بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: موختار ئەسەدی، چالاکی بواری پیشەیی مامۆستایانی کوردستان، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ئێڤین ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١٧ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، موختار ئەسەدی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سنە و چالاکوانی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان، پاش ٢٠ ڕۆژ دەسبەسەربوون، بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی ٥٠٠ ملیۆن‌تمەن و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندی ٤ی بەندیخانەی “ئێڤین”ـی تاران ئازاد کرا.

ناوبراو ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی گەلاوێژی ئەمساڵ، لەلایەن پۆلیسی فەتای کۆماری ئیسلامییەوە لە شاری سنە بانگ کرا و هەرلەوێ دەسبەجێ لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژێک دواتریش هەر ئەو ناوەندە سەرکوتکەرە دەستیان بەسەر مۆبایل و کەلەپەلە تایبەتییەکانیدا گرتم لە کاتێکدا ئەو چالاکوانە لە ماڵ نەبووە کە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵیان و ماڵەکەیان پشکنیوە.

شایانی باسە کە، موختار ئەسەدی، یەکێک لە مامۆستایان و چالاکانی پیشەیی شاری سنەیە کە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندینجار لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە و لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە و هەروەها لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە بڕینی مووچەی خانەنشینی لەسەر کار دەرکراوە و بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی ڕووی لە کاری کشتوکاڵی کردووە.