دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سنە بەشێوەی کاتیی ئازاد کران

خۆڕاگری: ئومێد قەدیمی و سەباح ساڵحی، دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سنە، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە یەکێک لە گرتنگەکانی ڕێژیم لەو شارە ئازاد کران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئومێد قەدیمی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری سنە و برای یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا بەناوی “فواد قەدیمی” کە نزیکەی ٢٠ڕۆژە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرابوو، ئەمڕۆ بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی ٢ملیارد و ٣٠٠ملیۆن تمەن بەشێوەی کاتیی لە یەکێک لە گرتنگەکانی ڕێژیم لە سنە ئازاد کرا.

هەروەها هاوکات، سەباح ساڵحی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری سنە، کە نزیکەی ١٥ڕۆژ دەبێ لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ملیۆن تمەنی بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەی لە یەکێک لە گرتنگەکانی کۆماری ئیسلامی لەو شارە ئازاد کراوە.

شایانی باسە کە ئەو دوو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەربوونیاندا، لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کرابوون.