سەپاندنی تۆمەتی زۆرەملێی موحاربە بەسەر هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکاندا

خۆڕاگری: سامان خزرنژاد، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری بۆکان، لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، بەزۆرەملێ تۆمەتی موحاربەیان بەسەردا سەپاندووە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، سامان خزرنژاد، لاوی تەمەن ٢٧ ساڵانی خەڵکی بۆکان و خاوەنی بڕوانامەی ڕاهێنان و پێگەیاندنی وەرزشی، ماوەی ٢ مانگ و ٢٦ ڕۆژە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە لە سنووری مەریوان دەسبەسەر کراوە و پاشان بۆ ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە شاری ورمێ گوازراوەتەوە و لەوێ بەزۆرەملێ و لەژێر ئەشکەنجەدا تۆمەتی موحاربەیان بەسەردا سەپاندووە.

سامان خزرنژاد، لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە تۆمەتی موحاربە و بێڕێزیکردن بە پێغەمبەرانی بەسەردا سەپاوە و بەپێی یاسای سزا ئیسلامییەکان، سزای لەسێدارەدان بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێندرێ کە تۆمەتی موحارەبە و بێڕێزیکردن بە پێغەمبەرانیان دراوەتە پاڵ و هەروەها ئەو تۆمەتە نیگەرانیی زۆری لای بنەماڵەی ناوبراو و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دروست کردووە.

شایانی باسە کە، ناوبراو ٢مانگ و ٢٦ڕۆژ دەسبەسەربوونیدا لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە، لە سەرەتاییترین مافەکانی وەک دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.