ڕاپۆرتی خۆڕاگری لەسەر دۆخی بەندکراوێکی خەڵکی بۆکان، پاش ٧مانگ دەسبەسەرکردن

خۆڕاگری: تەیفوور سەلیمی‌بابامیری، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان کە ماوەی حەوت مانگە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و تائێستا هەواڵی دەسبەسەربوونی بڵاو نەکراوەتەوە و بەهۆی ئەشکەنجەی دڕەندانەی ناوەندە سەرکوتکەرەکان بەمەبەستی ناچارکردنی دانپێدانانی زۆرەملێ، تووشی کێشەی جەستەیی و دەروونیی بۆتەوە.

ڕۆژی سێشەممە، ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: تەیفوور سەلیمی‌بابامیری، هاووڵاتیی تەمەن ٤٧ ساڵانی خەڵکی شاری بۆکان کە حەوت مانگ لەمەوبەر لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە و لەو ماوەیەدا بەهۆی ئەشکەنجەی دڕەندانەی بەردەوامی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە بەندیخانەی ناوندی ورمێ، کێشەی جددیی جەستەیی و دەروونی هەیە و هەروەها بێجگە لەوەیکە لە گرتنگەی ناوەندە سەرکوتکەرەکان جارێک تووشی جەڵتەی مێشک بووە، بەهۆی ئەشکەنجەدانی بەردەوامەوە دەستێکی شکاوە و شانیشی لەجێ چووە و پەردەی گوێچکەیەکیشی دڕاوە و هەردوو چاویشی زیانی زۆریان پێ گەیشتووە.

تەیفوور سەلیمی‌بابامیری، لە شەشەمین مانگی دەسبەسەربوونی و لە کاتی گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی ناوەندی ورمێ، تەنیا یەک جار پەیوەندییەکی کورتی تەلەفوونیی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە، ناوبراو لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەوە تۆمەتبار کراوە کە گوایە هاوکاریی دەرمانیی و پزیشکی گەیاندۆتە بریندارانی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی شاری بۆکان و هەروەها ئێستاش بەردەوام بەمەبەستی ئەشکەنجەدان بۆ ژووری تاکەکەسی دەگوازرێتەوە و دیسان دەبردرێتەوە بۆ بەندی گشتیی بەندیخانەکەی ناوەندی ورمێ.

شایانی باسە کە، تەیفوور سەلیمی‌بابامیری لە سەرەتای مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو، لە شاری بانە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە و پاش چەند مانگ ئەشکەنجە و لێپرسینەوەی بەردەوام، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازراوەتەوە.