ناڕوونی چارەنووسی هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سنە پاش هەشت مانگ

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە بەناوی “ئارام ئازادە” ماوەی زیاتر لە هەشت مانگە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە و تائێستا چارەنووسی ناڕوونە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: زیاتر لە ٨مانگە کە ئارام ئازادە، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە و تائێستاش چارەنووسی بە ناڕوونی ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە سنە، لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بە بنەماڵەکەی نەداوە.

ئارام ئازادە، لە کۆتاییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لە درێژەی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری سنە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و ئەوە زیاتر لە ٨مانگە بەسەر دەسبەسەربوونی ناوبراوا تێدەپەڕی و هێستا چارەنووسی ناڕوونە.

شایانی باسە کە، ئەو هاووڵاتییە دەسبەسەرکراوە، پاش دەسبەسەرکردنی بەمەبەستی لێپرسینەوە گوازراوەتەوە بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی سنە و هەروەها بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ بەشێوەیەکی دڕەندانە ئەشکەنجەیان داوە.