دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی خەڵکی سەقز لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: دوو هاووڵاتیی خەڵکی سەقز بەناوەکانی ” میلاد فازڵپوور و هێمن حوسەینی” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٥ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سەقز، هەڵیانکوتاوەتە سەر ئاوایی “مەلقەرەنی”ـی سەربەو شارە و میلاد فازڵپوور، لاوی تەمەن ٢٤ساڵیان دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستۆتەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لە بەردەست‌دا نییە.
هەروەها لەلایەکی دیکەوە هەمانڕۆژ، هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەقز هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هێمن حوسەینی بە شێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر و رفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکار و شوێنی گیرانی لە بەردەستدا نییە و هێزەکانی ڕێژیم بێ هیچ بەڵگەیەک هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ناوبراو و دەسبەسەریان کردووە.