
خۆڕاگر: پەرهام پەروەری، بەندکراوی سیاسیی خەڵكی سەقز، داوای کردبوو کە سەرلەنوێ دادگایی بکرێتەوە و داواکەی قەبووڵ کراوە و دۆسیەکەی ڕادەستی دادگای هاوتەریب کراوە.
ڕۆژی دووشەممە، ١٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: مازیار تاتایی، پارێزەری دۆسیەی پەرهام پەروەری، بەندکراوی سیاسیی خەڵكی سەقز و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمی ئێرانەوە قەبووڵ کراوە کە سەرلەنوێ دادگایی بکرێتەوە و دۆسییەکەی بە مەبەستی لێکۆڵینەوە ڕادەستی دادگای هاوتەریب کراوە و ئەوە سێهەمینجارە ئەو داوایە بکرێت و لە کۆتاییدا بڕیار دراوە کە سەرلەنوێ دادگایی بکرێتەوە.
ناوبراو یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادییە لە تاران، پێشتر لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەتۆمەتەکانی موحارەبە و هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی گشتی، سزای ١٠ ساڵ بەندکردن لە بەندیخانەی “جاسک”ـی سەربە پارێزگای هورموزگان و پێنج ساڵ بەندکردنی دیکەی بەسەردا سەپێندرابوو و هەروەها ڕۆژی ١١ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی لە خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی دژبە ڕێژیم، لە شاری تاران دەسبەسەر کرا و هەروەها بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر ناوبراو لەنێو ماڵپەڕی “خۆڕاگری” گەڕان بکە هەوڵی پێشووتری لە بەردەستدایە.