
خۆڕاگری: ئارەزوو جەلیلزادە، مامۆستای قوتابخانەی خەڵکی سەردەشت لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمی ئێرانە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ۱۳ی ڕەشەمەی ۱٤۰۳ی هەتاوی، ئارەزوو جەلیلزادە، مامۆستای قوتابخانەی خەڵکی شاری سەردەشت لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە کە بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵەکەی، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
ناوبراو لە پاش دەسبەسەرکردنییەوە تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە و هەواڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکی بەو بنەماڵەیە نەداوە.