مێرمنداڵێکی تەمەن ١٦ساڵانی خەڵکی مەهاباد دوای ٩مانگ دەسبەسەربوون ئازاد کرا

خۆڕاگری: فەرهاد نەوایی، قوتابیی تەمەن ١٦ ساڵانی خەڵکی مەهاباد، پاش نزیکەی ٩مانگ دەسبەسەربوون لە ناوەندی چاکسازی و پەروەرەی ڕێژیم لە ورمێ ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری: ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، فەرهاد نەوایی، قوتابیی تەمەن ١٦ ساڵانی خەڵکی گوندی “ترشکان”ـی سەربە شاری مەهاباد، کە لە ڕەوتی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی”ـدا دەسبەسەر کرا و دواتر لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای دوو ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپ و دوای ٨ مانگ و ٢٠ ڕۆژ دەسبەسەربوون لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی ڕێژیم لە ورمێ ئازاد کرا.

فەرهاد نەوایی مێرمنداڵی ١٦ساڵان، لەلایەن دادگای تاوانەکانی ١ی مێرمنداڵانی پارێزگای ورمێ کە بنکەکەی لە شاری مەهابادە، بە تۆمەتی پێکهێنانی باند و گرووپ بۆ کردەوە بە دژی ئاسایشی ناوخۆی وڵات، سزای ٢ ساڵ بەندکردنی لە ناوەندێکی چاکسازی و پەروەردە بەسەردا سەپێندرابوو، ئەوە لە کاتێکدایە کە پێشتر دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە دادگا ناوبراوی سەبارەت بە “محارەبە” بەری کردووە و بە بێتاوان ناسێندراوە.

شایانی باسە کە پێشتر بنەماڵەی ئەو مێرمنداڵە ناڕازییە نەیانتوانی بارمتەی ٥ میلیارد تمەنی کە لەلایەن دادگاوە بۆ ئازادیی کاتی منداڵەکەیان دیاری کرابوو، دەستەبەر بکەن، فەرهاد نەوایی لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کرابوو.