ڕفاندن و ئەشکەنجەدانی کچێکی تەمەن ١٧ساڵانی خەڵکی ئاودانان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: سۆنیا شەریفی، هاووڵاتیی تەمەن ١٧ساڵی خەڵکی ئاودانان، بۆ جارێکی دیکە لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە ڕفێندراوە و دوای لێپرسینەوە ئەشکەنجە دراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، سۆنیا شەریفی، قوتابیی تەمەن ١٧ ساڵانی خەڵکی شاری “ئاودانان”ـی سەر بە پارێزگای ئیلام، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕفێندراوە و پاش ڕفاندنی لە ژێر ئەشکەنجەدا لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە و دوای دوو کاتژمێر، ئازار، هەڕەشە، ئەشکەنجە و لێپرسینەوە، ناوبراویان لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارەدا بە جێ‌هێشتووە.

سۆنیا شەریفی، کە قوتابییە و تەمەنی ١٧ساڵە، لە گرتنگەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی، ئەشکەنجە کراوە و چەند بەشێکی جەستەی برینداربووە و هەروەها ناوبراو ڕاستەوخۆ دوای ئازادبوونی، لەلایەن بنەماڵەکەیەوە چارەسەری پێویستی بۆ کراوە و سۆنیا لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆی وێنەیەکی لە ناوچاوانی کە بریندارکراوە بڵاو کردووەتەوە.