دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد بەمەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٣ساڵ بەندکردن

خۆڕاگری: ئەرسەلان مەحموودی، هاووڵاتیی خەڵکی مەهەباد کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا دەسبەسەرکرابوو، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە سزای ٣٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەرسەلان مەحمودی، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای ٣٦ مانگ بەندکردنی سەپێندراو بەسەریدا، دەسبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد  گوازرایەوە و ناوبراو پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابەوە بەهۆکاری بەشداریکردن لە خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی ساڵی ڕابردووی ئەو شارە، سزای ٣٦ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو.

سەرچاوەیەکی نزیک لە ئەرسەلان مەحموودی ڕایگەیاند: لە ماوەی ٤ مانگ بەندکرانیدا لەلایەن هێزە سەرکەتکەرەکانی ڕێژیمەوە بە سەختی ئەشکەنجە کراوە و ناچار بە دانپێدانی زۆرەملێ لە دژی خۆی کراوە و هەروەها ناوبراو لە ڕەوتی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی مەهاباد، لە کۆتاییەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو، لەلایەن چەکدارانی  ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران دەسبەسەر کرا.