هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە کەڵاتەرزان هاووڵاتییەکیان دەسبەسەر کرد

خۆڕاگری: بێهزاد شەریفی، هاووڵاتیی خەڵکی شارۆچکەی “کەڵاتەرزان”ـی سنە، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ١٩ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، هێزە چەکدارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە شاری سنە، هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی بێهزاد شەریفی، هاووڵاتیی خەڵکی ئاوایی “ساڵیان”ـی سەربە شارۆچکەی کەڵاتەرزانی پارێزای سنە بە شێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری سنە، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و قەزایی، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بێهزاد شەریفی، دەسبەسەریان کردووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار و هەروەها تاکاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگیرانی، چارەنووس و ئەو تۆمەتانەی کە خراوەتە پاڵ ناوبراو لە بەردەستدا نییە.