خۆڕاگری: فەرشاد فەرەجی، هاووڵاتیی خەڵكی ناوچەی هەوشار، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای یەکساڵ و دوو مانگ بەندکردن، لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و ڕەوانەی بەندیخانە کرا.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی “٢٠ی دێسامبری ٢٠٢٥ی زایینی” فەرشاد فەرەجی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری تیکابی ناوچەی هەوشار کە پێشتر سزای یەکساڵ و دوو مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بەمەبەستی تێپەڕاندنی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی میاندواو کرا.
ناوبراو پێشتر بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی نیزامی ڕێژیم و بێڕێزیکردن بە خامنەیی، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێرانەوە، سزای یەکساڵ و دوو مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و هەروەها ڕۆژی ٢٩ی بانەمەڕی ئەمساڵ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کرا.
