پێنەدانی مەرەخەسی بە سیاوەش حەیاتی لەلایەن بەندیخانەی دیزڵ‌ئاوای کرماشانەوە

خۆڕاگری: سیاوەش حەیاتی بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی داوای لە بەرپرسانی بەندیخانەی دیزڵ‌ئاوای کرماشان کرد کە مەرەخەسی پێ بدەن، بەڵام داواکەی ڕەت کرایەوە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٤ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری”، سیاوەش حەیاتی، وتەبێژی کۆمەڵەی ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان و سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد کە لە بەندیخانەی دیزڵ‌ئاوای کرماشان بەندکراوە، دۆخی تەندروستی ناجێگیرە و کێسەی هەناسەدانی هەیە، بەو هۆیەوە بە مەبەستی جارەسەری پزیشکی داوای مەرەخەسی لەو بەندیخانەیە کردووە بەڵام لەلایەن ناوەندە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیمەوە ڕەت کراوەتەوە و مەرەخەسییان پێ نەداوە.

سیاوەش حەیاتی لەسەرەتاوە کە چووە نێو بەندیخانەی دیزڵ‌ئاوای کرماشانەوە تووشی نەخۆشی ئەنفوڵوانزا بوو کە بەهۆی نەبوونی چارەسەری پێویست لەنێو بەندیخانەکەدا و نەناردنی بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی بەندیخانە، بە قورسی تووشی کێشەی هەناسەدان بووە و هەنووکە دۆخی تەندروستیی ناوبرا لە بەندیخانەی دیزڵ‌ئاوای کرماشان ناجێگیرە.

شایانی باسە کە، ڕۆژی شەممە، ٢٣ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، سیاوەش حەیاتی،  وتەبێژی کۆمەڵەی ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان و سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد، پاش ئەوەی کە دەسبەسەر کراوە، لەلایەن لقی ١ی گارگێڕیی سزای تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لە دادسەرای گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لە شاری شاباد، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی ١ ساڵ بەندکران، ڕەوانەی بەندیخانەی دیزڵ‌ئاوای کرماشان کراوە.