پزیشکێکی خەڵکی سەقز لەلایەن ڕێژیمەوە سزای ٨مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا

خۆڕاگری: بەیان ساڵحیان،پزیشکی پسپۆڕی هەناوی خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای ٨مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٥ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، بەپێی راپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” بەیان ساڵحیان، پزیشکی پسپۆڕی هەناو و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی ڕەوتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادییە و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لەو شارە بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، سزای ٨ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

سزای ئەو پزیشکە کە ٨ مانگ بەندکردنە، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە سەقز، گۆڕدراوە بۆ پێبژاردنی پارە بە بڕی ٢٠ میلیۆن تمەن و هەروەها ناوبراو لە پاییزی ساڵی ڕابردوو و لە ڕەوتی شۆرشی ژن، ژیان، ئازادی‌ـدا هاوکات لەگەڵ دوو پزیشکی دیکەی خەڵکی شاری سەقز بۆ ماوەیەک دەسبەسەر کرابوون.