خۆڕاگری: دادستێنی گشتیی ڕێژیم لە شاری سەحنە، لەسەر دۆسیەی ٧١ هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی پەیڕەوی ئایینی یارسان کە ٤ کەسیان ژنن، بڕیاری کۆتایی دەرکردووە.
ڕۆژی شەممە، ٧ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆراگری” ڕایگەیاند: بەپێی بڕیاری کۆتایی لقی یەکەمی لێپێچینەوە و لێکۆڵینەوەی دادستێنی گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لە شاری سەحنە بە سەرۆکایەتیی “مەیسەم شوڕچە”، دۆسییەی دوو هاووڵاتیی پەیڕەوی ئایینی یارسان بە ناوەکانی سەید ئەمین عەباسی و نەوشاد تاهیری، بە تۆمەتی دروستکردنی گرووپ و هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی گشتی ڕەوانەی دادگا کراوە و هەروەها دۆسیەی سیاوەش حەیاتی، بەهەمان تۆمەت و پڕوپاگەندە بە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی، ڕەوانەی دادستانی گشتی و ئینقلابی تاران کراوە.
شایانی باسە کە، دوو هاووڵاتیی دیکەی یارسانی بە ناوەکانی “فەرهاد زولنووری و فەریبورز شائیبراهیمی”، بە پڕکردنەوەی بەڵێننامەیەکی نووسراوە و پابەندبوونیان، بڕیاری ڕاگرتنی لێپێچینەوەیان دراوە و بەپێی بڕیاری کۆتایی دادسستێن، بەڵێننامەیەکی نووسراو لە ٣٤ کەس لەو هاووڵاتییە دەسبەسەرکراوانە وەرگیراوە کە جارێکی تر بەو تۆمەتانەوە دەسبەسەر نەکرێنەوە و ئەو هاووڵاتییانە ڕۆژی هەینی ٢٧ی خەزەڵوەر، لە ڕێوڕەسمی ٢١ ساڵەی تێرۆرکردنی سەید خەلیل عەلینژاد، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوون کە دواتر بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.