
خۆڕاگری: لە درێژەی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی خەڵی سنە لەلایەن ڕێژیمەوە، هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی “جەلیل محەممەدی” لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کرا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی، جەلیل محەممەدی، چالاکوانی کرێکاری و هاووڵاتیی خەڵكی شاری سنە، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کە هەڵیانکوتاوەتە سەری بەشێوەیەکی دڕەندانە و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لەشاری سنە ماوە ٢ڕۆژە بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و لەپێوەندی لەگەڵ مانگرتنی گشتی خەڵكی کوردستان، دەستیان کردووە بە دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان و خاوەن دووکان و بازاڕەکانی ئەو شارەدا و تائێستا نزیکەی ١٠کەسیان دەسبەسەر کردووە و چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی زۆربەیان نادیارە و هیچ زانیارییەکیشیان بە بنەماڵەکانیان نەداوە.