دەسبەسەرکردنی چالاکێکی سۆشیال مێدیای خەڵکی مەریوان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: سۆران جەهانی، چالاکی سۆشیال مێدیا و کۆمیدییەنی خەڵکی مەریوان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەستبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕگری” ڕۆژی سێشەممە، ١٧ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، سۆران جەهانی، چالاکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کۆمیدییەنی خەڵکی شاری مەریوان، پاش ئەوەیکە لەلایەن ناوەندی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم لەو شارە بانگ کراوە، دەسبەجێ دەسبەسەر کراوە و دوای چەند کاتژمێر لێپرسینەوە و دەستبەسەرداگرتنی مۆبایلەکەی، ئازاد کرا.

سۆران جەهانی، دوای بانگکردن و سەردانی بۆ ناوەندی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، بەتوندی گوشاریان خستووەتە سەری و دوای شەش کاتژمێر دەسبەسەربوون و لێپرسینەوە ئازاد کراوە بەڵام تا ئێستا کە دەست بەسەر مۆبایلەکەیدا گیراوە پێی نەدراوەتەوە و لاپەڕەی بڵاوکردنەوەی بابەت و کارە کۆمیدییەکانی لە بەردەستی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداراندایە.

شایانی باسە کە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ئەوە نییە کە بە چ هۆکارێک ناوبراو دەسبەسەر کراوە و خەڵکێکی زۆر لاپەڕەکەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەت لە ئینستاگرام فاڵۆو کردووە و بوونەتە بەردەنگی کار و چالاکییەکانی.

شایانی باسە کە سۆران جەهانی پێشتر لە ڕەوتی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا چەندین جار لەلایەن ناوەندە حکومییەکانەوە بانگ کراوە و لێپرسینەوە و لێپێچینەوەی لێ کراوە.