هاووڵاتییەکی خەڵکی سنەبۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری: هەمزە سەجادی، هاووڵاتیی خەڵکی سنە، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەی ، دەسبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە گوازرایەوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٠ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، هەمزە سەجادی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە دوای بانگکردنی لەلایەن جێبەجێکاری سزاکانی دادگای گشتی و ئینقلابی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە مەبەسەتی جێبەجێکردنی سزای ١ساڵ بەندکردن، هەرلەوێ دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی سنە کرا.

ناوبراو لەلایەن لقی ٤ی دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری سنە، بەتۆمەتی چالاکی تەبلیغی بەدژی نیزامی ڕێژیمی ئێران، سزای ١ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو و ڕۆژی یەکشەممە، ١٧ی بانەمەڕی ئەمساڵ لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کرا و دواتر پاس ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا.