جێبەجێکردنی سزای سێدارەی بەندکراوێکی مەزهەبی کورد لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج

خۆڕاگری: سزای لە سێدارەدانی داود عەبدوڵڵاهی، بەندکراوی مەزهەبی خەڵکی مەهاباد دوای ١٤ ساڵ بەندکردن لە بەندیخانەی قزڵحەساری شاری کەرەج جێبەجێ کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، سزای لە سێدارەدانی داود عەبدوڵڵاهی، بەندکراوی مەزهەبیی خەڵکی شاری مەهاباد لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج بە تۆمەتگەلی جۆراوجۆر کە لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەسەریدا سەپێندرابوو، جێبەجێ کرا.

داوود عەبدوڵڵاهی و شەش چالاکی ئایینیی کوردی دیکە بە تۆمەتی کوشتنی “عەبدوڵڕەحیم تینا” لەلایەن لەقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێرانەوە لە تاران بە سەرۆکایەتی قازی “مەقیسە” بەتۆمەتگەلی دیکەی وەکوو چالاکی دژی ئاسایشی گشتی، چالاکی دژی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی، ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکان و فساد فی الارض، سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا.

جێی ئاماژەیە کە، سزای سێدارەی ئەو بەندکراوە کوردە، کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی، لەلایەن لەقی ٤١ی دیوانی باڵای ڕێژیمی ئێران بە سەرۆکایەتیی قازی “ڕازینی” ڕەت کرایەوە و بە مەبەستی پێداچوونەوە ڕەوانەی لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە تاران کرا و لە مانگی جۆزەردانی ١٣٩٧ـدا شەش هاودۆسیەکەی دیکەی بە تۆمەتی “فساد فی الارض” جارێکی دیکە لەلایەن لەقی ١٥ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە تاران بە سەرۆکایەتی قازی ئەبولقاسم سەڵەواتی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا.