بریندارێکی شۆڕشی ژینا بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری: سادق مەحموودنژاد، یەکێک لە بریندارانی شۆڕشی ژینا و خەڵکی پیرانشار، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەی دەسبەسەر و بۆ بەندیخانە گوازرایەوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سیشەممە، ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، سادق مەحموودنژاد، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “جەران”ـی سەربە شاری پیرانشار، کە لە شۆڕشی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی شۆڕشی ژینا لەو شارە چاوی بە سەختی بریندار بوو، دوای بانگکردنی لەلایەن لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە پیرانشار، دەسبەسەر و بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری نەغەدە گوازرایەوە.

سادق موحموودنژاد، پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێرانەوە لە شاری مەهاباد، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی و چالاکی تەبلیغی بەدژی نیزامی ڕێژیم، سزای پێنج ساڵ و شەش مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو و هەروەها جارێکی دیکەش لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی ٢ی ڕێژیم لە پیرانشار بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی لە ڕێگەی بەشداریکردن لە خۆپێشاندانەکانەوە، سزای ٣ مانگ بەندکردن و لێدانی ٣٠ زەربە قامچیی بەسەردا سەپێندرا کە دواتر ئەو سزایە گۆڕدرا بۆ پێبژاردن بە بڕی ٨ ملیۆن تمەن.

شایانی باسە کە، سەرەڕای ئەوەیکە ناوبراو بە چەند قۆناغ لە نەخۆشخانەکانی خومەینیی ورمێ، فارابیی تاران و ئیمام سەجادی ڕامسەر، نەشتەرگەریی چاوی بۆ کراوە، بەڵام سەتا٢٠ی بینایی چاوی چەپی لە دەستداوە و هەروەها ڕۆژی دووشەممە ١٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ لە ماڵەکەی خۆیدا، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەرکرا و ڕۆژی ٥ی مانگی گەلاوێژی هەمانساڵ بە دانانی بارمتەی ٤ ملیارد تمەنی و بە شێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.