خۆڕاگری: بڕیاری دەسبەسەربوونی فەردین شێخولئیسلامی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆ ماوەی مانگێکی دیکە درێژ کرایەوە.
ڕۆژی سێشەممە، ١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: فەردین شێخوڵئیسلامی، چالاکوانی مەدەنیی خەڵکی شاری سنە کە ڕۆژی ١١ی ڕەزبەری ئەمساڵ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لەگەڵ هاوسەرەکەی بەناوی “فەریبا مورادیانی” دەسبەسەر کران، فەرمانی دەسبەسەربوونەکەی بۆ ماوەی یەک مانگی دیکە درێژ کرایەوە.
ناوبراو کە لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە تائێستاش لەژێر لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەدایە و ماوەی ڕاگیرانەکەشی بۆ یەک مانگی دیکە درێژ کراوەتەوە، بەڵام پاش ٢ڕۆژ هاوسەرەکەی بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی ئازاد کراوە و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروستە لەسەر هۆکاری دەسبەسەربوون، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی ئەو چالاکە مەدەنییە لە بەردەستدا نییە.