خۆڕاگری: مورتەزا سەیدی و نەسڕوڵڵا ئەمیرلوو، دوو چالاکی کرێکاریی خەڵکی کامێران بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٢ساڵ بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانەی ئێڤین کران.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی، مورتەزا سەیدی و نەسڕوڵڵا ئەمیرلوو، دوو چالاکوانی کرێکاریی خەڵکی شاری کامێران، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمەوە بە سەرۆکایەتی قازی “بەهرام پەناهی” بەتۆمەتی پێکهێنانی گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، سزای ٢ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە و هاوکات ڕەوانەی بەندیخانەی “ئێڤین”ـی شاری تاران کراون.
ئەو دوو چالاکوانە ڕۆژی هەینی، ٢٦ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، لەلایەن هێزە سەکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لەگەڵ چەند چالاکێکی دیکەی کرێکاری دەسبەسەر کران و پاش ماوەیەک ڕاگیران، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەیان لە بەندیخانە ئازاد کرا.