خۆڕاگری: پێنجەمین هاووڵاتیی خەڵكی پیرانشار بەناوی “ئەنوەر ئیبراهیمی” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ١ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنوەر ئیبراهیمی، هاووڵاتیی خەڵكی شاری پیرانشار لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و لە ئێستادا ژمارەی دەسبەسەرکراوانی پیرانشار گەیشتۆتە ٥کەس.
هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە پیرانشار، لەماوەی کەمتر لە ٢٤کاتژمێردا ٥هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارە دەسبەسەر کراوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بە بنەماڵەکانیان نەداوە و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.