ئاماری دەستبەسەر کراوان و حوکم دراوانی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە مانگی گەلاوێژی١٤٠٢ی هەتاوی،بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

خۆڕاگری:بە پێی ئامارە تۆمار کراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەک مانگی ڕابردوو دا، واتە مانگی گەلاوێژی١٤٠٢ی هەتاوی ٩٦کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تۆمەتی دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کراون، هەروەها بەشێک لەو دەسبەسەرکراوان ئەندامی بنەماڵەی دادخوازەکان وبنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینان کە بەشێکیان دوای تەواو بوونی لێکۆلینەوە بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکیان تا ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە.١١ کەس لەو دەسبەسەرکراوانە ژنن و هەروەها ٣ کەسیان تەمەنیان خوار ١٨ ساڵە.

جێگای ئاماژەیە کە لە بەرەبەری ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک بە بێ لەبەر چاو گرتنی هیچ پرنسیبێکی مافی مرۆڤی،بنەماڵە شەهیدانی شۆڕشی ژینا و چالاکانی دیاری کۆمەڵگای مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەکان دەکات وهەڕەشەی دەسبەسەر کردن و سزادانیان لیدەکات.هەر بەو مەبەستەش دەستی بە ڕەشبگیری هاوڵاتیان و چاڵاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە.

هەروەها بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەن لە مانگی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی دا، ١١ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارە جیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان دەستبەسەر و لێکۆلینەوەیان لێکراوە،لەلایەن دادگای بە ناو شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران کەیسەکانیان یەک لایی کراوەتەوە و سزای بەندکران و پێبژاردن و قامچیان بەسەر دا سەپێندراوە.

بە شێوەیەکی گشتی ئەو سەزا دراوانە لە سەر یەک بە ٢٨ ساڵ و ٨ مانگ و ٢ ڕۆژ بەندکرانی تەعزیری و١ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و لێدانی ٣٠ قامچی  و ٥٠ ملیون تمەن پێبژاردن مەحکووم کراون. شایانی باسە کە ٤ کەس لەو کەسانەی کە سزایان بەسەردا سەپێندراوە  ژنن.