خۆڕاگری: ماشەڵا کەرەمی، باوکی محەممەدمێهدی کەرەمی، شەهیدی شۆڕشی ژینا، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە شاری بیجاڕ دەسبەسەر کرا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٣١ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری بیجار، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ماشەڵا کەرەمی، باوکی “محەممەدمێهدی” شەهیدی شۆڕشی ژینا، دەسبەسەر و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و هەروەها هاوکات پارێزەری دۆسیەی بنەماڵەشیان بەناوی “ئەمیرحوسێن کوهکەن” دەسبەسەر کردووە.
هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی، دوای هەڵکوتانەوە سەر ماڵی ماشەڵا کەرەمی، ماڵەکەیان بەتەواوی پشکنیوە و دەستیان بەسەر کەلوپەلە تایبەت و مۆبایلەکەیدا گرتووە و بەشێوەیەکی دڕەندانە ناوبراویان دەسبەسەر کردووە، کە تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخ، شوێنی ڕاگیران، هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.