خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵكی مەریوان، بەناوی “ڕامیار کاوە” لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بانگ کراوە و تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ١ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی، ڕامیار کاوە، هاووڵاتیی خەڵكی گوندی “نێ”ـی سەربە شاری مەریوان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە لەو شارە بانگ کراوە و تائێستا چارەنووسی ناڕوونە و هیچ زانیارییەک لەسەری بڵاو نەکراوەتەوە.
هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم پاش بانگکردنی ئەو هاووڵاتییە پەیوەندییەکی کورتی تەلەفوونیان بە بنەماڵەکەیەوە کردووە و پێیان ڕاگەیاندوون کە کوڕەکەیان جارێ لەو ناوەندە سەرکوتکەرە دەمێنێتەوە و ئیدی هیچ زانیارییەکی دیکەیان پێنەداون و بنەماڵەکەشیان هەوڵی زۆریان داوە تا زانیارییان دەست بکەوێ بەڵام هەوڵەکانیان بێئاکام ماوەتەوە و چارەنووسی کوڕەکەیان نادیارە.