خۆڕاگری: ئیدریس ئاڵی و ئازاد شوجاعی دوو هاووڵاتیی خەڵکی سەردەشت و ڕەسووڵ ئەحمەد محەممەد هاووڵاتیی خەڵکی هەرێمی کوردستان، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا.
ڕۆژی چوارشەممە، ١٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ڕەسووڵ ئەحمەد محەممەد، هاووڵاتیی خەڵکی شاری “سلێمانی”ـی باشووری کوردستان و ئیدریس ئاڵی و ئازاد شوجاعی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “دۆڵەگەرم”ـی سەربە اری سەردەشت لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانەوە لە ورمێ بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.
ئەو سێ هاووڵاتییە مانگی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو لە شاری سەردەشت لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆمای ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کران و بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ کران و هەروەها لەماوەی دەسبەسەربوونیاندا بە توندترین شێوەی لە ژێر ئەشکەنجە و ئازاردا بوون بۆ ئەوەیکە دان پێدانانی زۆرەملێیان لێ وەرگرن و پاش ٣مانگ ئەشکەنجە و ئازار، ڕێگەیان پێدان بۆ یەکەمجار لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفونییەوە لەگەڵ بنەماڵەکانیان قسە بکەن.
شایانی باسە کە، ئەو سێ هاووڵاتییە لەسەر سنوورەکانی شاری سەردەشت سەرقاڵی کار و کاسبی بوونە و لەگەڵ ئەو هاووڵاتییەی خەڵکی سلێمانی پەیوەندی کاریان هەبووە پێکەوە و ڕۆژانە مامەڵەیان کردوە و بەتەواوی ڕەتیان کردۆتەوە کە هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل نەبووە، بەڵام هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆمای ئیسلامی بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی و ئەشکەنجەی زۆر ناچاری کردوون کە بە زۆرەملێ دان بە تۆمەتەکەیاندا بنێن.