دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سنە بەدانانی بارمتە ئازاد کران

خۆڕاگری: مورتەزا محەممەدی و ئیبراهیم محەممەدی، دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سنە، پاش ٥ڕۆژ دەسبەسەربوون بەشێوەی کاتیی ئازاد کران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٦ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، مورتەزا محەممەدی و ئیبراهیم محەممەدی، کە ماوەی ٥ڕۆژی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە سنە دەسبەسەر کراون، پاش قۆناغی لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە بە دانانی بارمتەی قورس و بەشێوی کاتیی لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کران.

ئەو دوو هاووڵاتییە ڕۆژی دوو شەممە، ١١ی بەفرانباری ئەمساڵ لەلایەن ژمارەیەک لە هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری سنە کە هەڵیانکوایە سەر ماڵیان، بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردن و پاش پێنج ڕۆژ ڕاگیران و لێکۆڵینەوە لێیان، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەیان لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کراون.