دەسبەسەرکردنی بەندکراوێکی سیاسیی خەڵکی سەقز لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ئەمین مەلەکی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی سەقز، کە هاوینی ئەمساڵ ماوەی بەندکردنەکەی تەواو بوو، جارێکی دیکە لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە پەروەندەیەکی نوێی بۆ کراوەتەوە و جارێکی دیکە دەسبەسەر کراوەتەوە.

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ١١ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری سەقز هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی “ئەمین مەلەکی”، بەندکراوی سیاسیی پێشووی تەمەن ٦٠ ساڵانی خەڵکی گوندی “ئێرانشا”ـی سەربەو شارە و بە شێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووەتەوە و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی سەقز کرا، ئەمە لە کاتێکدایە کە ناوبراو هاوینی ئەمساڵ ماوەی سزاکەی لە بەندیخانە تێپەڕ کردووە کەچی بێ هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی، چەکدارانی ڕێژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی.

بەپێی زانیارییەکان، ئەمین مەلەکی گوازراوەتە بۆ بەندیخانەی ناوەندی شاری سەقز و بەمەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٣ساڵ بەندکردنی پێوەندیدار بە پەروەندەی پێشووی کە پێشتر بڕیار درابوو لە زێدی خۆی دوور بخرێتەوە و لە بەندیخانەی “کاشمەر” ماوەی ئەو سزایە تێپەڕ بکات، دەسبەسەر کراوەتەوە و لە ئێستادا لە بەندیخانەی ناوەندی سەقز ڕاگیراوە.

شایانی باسە کە، ناوبراو هاوینی ئەمساڵ دوای تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز ئازاد کراوە، ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا و پاش پێنج مانگ ڕاگیران لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شارەکانی سەقز و سنە، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا و هەروەها ناوبراو بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.