دەسبەسەرکردنی هاووڵاتیی کوردی دانیشتووی ئەهوان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: فەرزاد کەریمی، هاووڵاتیی خەڵکی سنە و دانیشتووی شاری ئەهواز، بۆ جاری دووهەم لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرایەوە.

بەپیی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، فەرزاد کەریمی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “تەنگیسەر”ـی سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی شاری سنە و دانیشتووی شاری ئەهواز کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا دەسبەسەر کرا و دواتر سزای سەڵپساردنی بەسەردا سەپا، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە ئەهواز دەسبەسەر کرایەوە.

هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری ئەهواز، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی “فەرزاد کەریمی”ـیان دەسبەسەر و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستا نییە.

جێی ئاماژەیە کە، فەرزاد کەریمی لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا بە تۆمەتی تێکدانی بیروڕای گشتی لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی ئەهواز بە سەرۆکایەتی قازی شەریفی، سزای ٥ ساڵ هەڵپەساردنی بەسەردا سەپاوە و هەروەها ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ئەهواز دەسبەسەر کرا و پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کراوە.