دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی دیواندەرە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی دیواندەرە بەناوی “ڕادمان سولەیمانی” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە،١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ڕادمان سولەیمانی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری دیواندەرە بەهۆی ئەوەیکە بەشداری لە مانگرتنەکەدا کردبوو، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

دوێنێ ڕۆژی سێسەممە، ١٠ی ڕێبەندان، لە شارەکانی کوردستان مانگرتنی گشتی بەڕێوەچوو، ئەو هاووڵاتییەش بەتۆمەتی بەشداریکردن لە مانگرتنەکان لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراو بێئاکام ماوەتەوە.

جێی ئاماژەیە کە، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و ئەو تۆمەتانەشی کە دراونەتە پاڵی هەمووی دوورە لە ڕاستی.