شەپۆلێکی نوێی ڕەشبگیری لە کوردستان؛ ژمارەیەک هاووڵاتیی کورد لە شارە جیاوازەکان دەسبەسەر کراون

خۆڕاگری: لە درێژەی گوشارە ئەمنی و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هەڵمەتێکی بەرفراوانی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانیان لە شارەکانی ئیلام، بۆکان، کرماشان، قوروە و تاران دەست پێ کردووە و چارەنووسی زۆربەیان نادیارە.

ڕۆژی دووشەممە، ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “٢٦ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: شەپۆلی دەسبەسەرکردنەکان لە ڕۆژانی کۆتایی مانگی بەفرانبار و سەرەتای مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵ چڕ بووەتەوە و تێیدا دەیان چالاکوان، خوێندکار و هاووڵاتیی مەدەنی بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر و گوازراونەتەوە بۆ شوێنی نادیار.

بەپێی زانیارییەکانی خۆڕاگری، شەوی یەکشەممە ٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “٢٥ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی”، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە شاری بۆکان، سێ هاووڵاتییان بە ناوەکانی سیامەند قادرزادە، سەلیم قادرزادە و ژنێک بە ناوی زەهرا (کە پاشناوەکەی تا ئێستا نەزانراوە) دەسبەسەر کردووە و تائێستا هیچ زانیارییەکی لەسەر چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.

پارێزگای ئیلام یەکێک لەو ناوچانە بووە کە لەم دواییانەدا زۆرترین ڕێژەی دەسبەسەرکردنی تێدا تۆمار کراوە و لە ماوەی نێوان ١٥ بۆ ٢٨ی بەفرانباری ئەمساڵ، لانیکەم چوار هاووڵاتی بە ناوەکانی عیماد حەیدەریان، هادی نەجەفی‌نژاد، فریشتە مەنسووری‌نیا و دانیال باشی، لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بە شێوەیەکی توندوتیژ و بەبێ نیشاندانی حوکمی قەزایی دەسبەسەر کراون.

هەروەها ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، محەممەدمێهدی نێعمەتی، خوێندکاری بەشی ئەدەبیاتی ئینگلیزی و خەڵکی ئیلام، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و لە هەمان ڕۆژدا لە شاری سیروانی سەر بەو پارێزگایە، دوو برا بە ناوەکانی محەممەد ڕەحمانی و ئارین ڕەحمانی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە دەسبەسەر و ڕفێندراون.

لە شاری کرماشان، گوشارەکان بۆ سەر بنەماڵەی دادخوازان درێژەی هەیە؛ میهرەداد ڕەسایی، برای ڕەزا ڕەسایی (لە لەسێدارەدراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی) و پەیڕەوی ئایینی یارسان، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە و لەلایەکی دیکەشەوە لە شاری قوروە، ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانبار، هێزە سەرکوتکەرەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەبوزەر مورادحاسڵی و دوای پشکنینی ماڵەکەی، ناوبراویان بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کردووە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا و لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی تاران لە ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، جەلیل جەفاکەش، هاووڵاتیی خەڵکی سەرپێڵ زەهاو، دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە  و دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە ئێران هەمیشە بەبێ بوونی بەڵگەنامەی قەزایی و یاسایی، بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی و بێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکانیان ئەنجام دەدرێت و دەسبەسەرکراوەکان زۆرجار لە مافی هەبوونی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش دەکرێن و بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ دەخرێنە ژێر گوشاری جەستەیی و دەروونییەوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*