ناڕوونی چارەنووسی هاووڵاتییەکی خەڵکی جوانڕۆ پاش دەسبەسەرکردن لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆراگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی جوانڕۆ بەناوی “خەلیل بەدری” پاش تێپەڕبوونی یەک حەوتوو لە دەسبەسەرکردنی تائێستاش چارەنووسی ناڕوونە.

ڕۆژی چوارشەممە، ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەسەر ناڕوونی چارەنووسی هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی جوانڕۆ، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: خەلیل بەدری، هاووڵاتیی خەڵکی شاری جوانڕۆ، ماوەی یەک حەوتوو لەمەوبەر لەلایەن  هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەو شارە دەسبەسەر و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستاش چارەنووسی ناڕوونە.

وێڕای هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەربوون، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بە بنەماڵەکەی نەداوە و ئەوەش نیگەرانیی زۆری لای ئەو بنەماڵەیە دروست کردووە.