بەندکراوێکی سیاسیی خەڵکی سەقز بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: ئەیووب جەوانپوور، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی خەڵکی سەقز بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی ڕەزبەری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەیووب جەوانپوور، بەندکراوی سیاسیی و چالاکوانی مەدەنیی خەڵکی شاری سەقز، بە دانانی بارمەت و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کراوە.

ناوبراو، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە شاری سەقز، بە سەرۆکایەتیی قازی “کەیوان جەهانی” بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی نیزام و داگرتنی ئاڵای کۆماری ئیسلامی سزای ١ساڵ بەندکردن، بەتۆمەتی سەرپەرستیکردنی گرووپێکی زیاتر لە دوو کەس بۆ تێکدانی ئاسایش و ئەمنییەت، سزای ١٠ ساڵ بەندکردن، بەتۆمەتی سووکایەتیکردن بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی، سزای ٢ ساڵ بەندکردن و هەروەها بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، سزای ٢ ساڵ بەندکردن، واتە سەرجەم ١٥ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

شایانی باسە کە ناوبراو، ڕۆژی شەممە ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە ماڵەکەی خۆیدا لە شاری سەقز و لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەسبەسەر کراوە و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە گواستراوەتەوە و هەروەها جەوانپوور یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی ساڵی ڕابردووی شاری سەقزە و بەهۆی چالاکییەکانییەوە جارێکی تر سزای بەسەردا سەپاوە.