مامۆستایەکی ئایینیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان لە بەندیخانە مانی لە خواردن گرت

خۆڕاگری: محەممەد خزرنژاد، مامۆستای ئایینیی خەڵکی بۆکان،  پاش نزیکەی ٢ساڵ بەندکردن بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەندیخانەی ورمێ مانی لە خواردن گرتووە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، مامۆستا محەممەد خزرنژاد، کەسایەتیی ئایینیی خەڵكی شاری بۆکان و لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەو سزایانەی کە لە دژی دەرچووە وەکوو: سزای لەسێدارەدانی پێشوو، ١٦ ساڵ بەندکردن و لە ئێستادا ٢٥ ساڵ بەندکردن، لە بەندیخانەی ناوەندی شاری ورمێ مانی لە خواردن گرتووە.

مامۆستا محەممەد خزرنژاد، بە ڕەتكردنەوەی هەموو تۆمەتەكان لە دژی، ئەوانەی بەبێ بنەما، ناشەرعی، نایاسایی و دوور لە ئەخلاقی زانیوە ناڕەزاییی لەهەمبەر ئەو بابەتانەی دەربڕیوە کە بریتین لە: چۆنیەتیی ڕاگرتن و لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەی درێژخایە،  دیاریکردنی دەسەڵاتێکی قەزایی نادادپەروەر وەکوو دادگای ئینقلابی ئیسلامی لەبری دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینیی سەرەڕای ئەزموونی ٢٤ساڵ پێشنوێژیکردن لە ڕۆژانی هەینی وانەوتنەوە، ئەنجامدانی دانیشتنی دادگا لە چەند خولەکێکدا بەشێوەی ئەلیکترۆنی بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەکی پێویست و هیچ پرسیار و وەڵامێک.