داخستنی دووکان و بازاڕەکانی کوردستان وڵامێکی دیکەی “نا” بوو بۆ حکوومەتی ڕێژیمی ئێران

خۆڕاگری: داواکاری ڕێکخراو، دامەزراوە، حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردستان ئەوە بوو کە لە ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان بە داخستنی دووکان و بازاڕەکانیان مانگرتنی گشتی ڕابگەیەنن و بەوەش وڵامێکی جەرگبڕی “نا” بە کۆماری ئیسلامی بدرێ و بە خۆشییەوە خەڵکی کوردستان بە دەم ئەو داواکارییەوە هاتن.
ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لەسەر مانگرتنی گشتی و یەکڕیزی و یەک‌هەڵوێستی خەڵکی شارەکانی کوردستان بەدژی پیلان و گوشارەکانی کۆمار ئیسلامیی ئێران، ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە ڕایگەیاند: خەڵکی شارەکانی کوردستان لەسەر داواکاری کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە داخستنی دووکان و بازاڕەکانیان مانگرتنی گشتییان ڕاگەیاند لە کاتێکدا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەو پەڕی گوشار و دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان هەوڵیدا کە مانگرتنەکە سەر نەگرێ بەڵام خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردستان لە درێژەی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” جارێکی دیکە بەدژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەڵوێستیان نواند و داواکاری حیزب و لایەنە سیاسییەکانی خۆیانیان بەجێ گەیاند.
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” سپاسی یەکگرتووی و یەکهەڵوێستیی خەڵکی بە ئەمەگی کوردستان دەکات کە بە دەم داواکاریی ماگرتنەکەوە هاتن و بەشێوەیەکی بەرچاو لە زۆربەی شارەکانی کوردستان دووکان و بازاڕەکان داخران و هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بەو پەڕی توانای خۆیانەوە هەوڵیان داوە کە ئەو یەکڕیزی و یەکگرتوویە لەناو ببەن بەڵام خەڵکی قارەمانی کوردستان لە مێژساڵە بۆی دەرکەوتووە کە کۆماری ئیسلامی تەنیا حکوومەتێکی دیکتارۆر و کوردکوژە، بۆیە جارێکی دیکە هەموو جارەکان بەو هەڵوێستە یەکگرتووانە “نا”ـیەکی دیکەیان بەو ڕێژیمە گوتەوە.
کۆماری ئیسلامی لە ترسی خۆپیشاندان و ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردستان بە پلانی خۆی ڕێگە گۆڕستانی “ئایچی”ـی شاری سەقزی داخست بۆ ئەوەی خەڵک سەردانی گۆڕی شەهید “ژینا ئەمینی” نەکەن و بە دەسبەسەرکردنی لاوان و گەنجانی کوردستان و ترساندن تۆقاندنیان هەوڵی دا کە خەڵک ڕووبەڕوویان نەبێتەوە و سەدان ماشێنی هێزی سەرکوتکەری لە شارەکانی ئێرانەوە ؛ە ترسی سەرهەڵدانی خۆپیشاندان ڕەوانەی شارەکانی کوردستان کرد.
خۆڕاگری، لە کۆتاییدا سپاسی خەڵکی بە ئەمەگی کوردستان و دووکاندار و بازاڕیانی شارە جیاجیاکانی کوردستان دەکات کە بەدەم داواکاریی مانگرتنەوە چوون و کۆمای ئیسلامییان لە جاران ڕەزیلتر و ڕیسواتر کرد، هەر سەرکەوتوو بێت شۆڕشی سەرانسەریی ژن، ژیان، ئازادی، بەردەوام بێت یەکڕیزی و یەکگرتووی خەڵکی کوردستان.
بەهیوای وەدیهاتنی ئامانج و خەونی شەهیدانی کوردستان و شۆڕشی ژینا.