بەردەوامی شەپۆلی دەسبەسەرکردن و بێسەروشوێنکردنی هاووڵاتیانی کورد لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: لە درێژەی گوشاری ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ سەر هاووڵاتیان و چالاکوانانی کورد، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، شەش هاووڵاتیی دیکە دەسبەسەر کراون.

 ڕۆژی یەکشەممە، ١٢ی ڕێبەندانی ١١٤٠٤ی هەتاوی  “١ی فێبریڤەری ٢٠٢٦ زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە بەردەوامیی بەدواداچوونەکانی خۆی ڕایگەیاند: چارەنووسی چەندین هاووڵاتی کە لە شارەکانی ئیلام، کرماشان، تاران و کەرەج دەسبەسەر کراون، نادیارە و ڕۆژی سێشەممە ٢ی بەفرانباری ١٤٠٤، هاووڵاتییەک بە ناوی ئەحمەد شێخی، خەڵکی شاری دێلوڕان، بە شێوەیەکی توندوتیژانە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.

هەروەها لە درێژەی گوشارەکاندا لە شاری دێلوڕان، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی بەفرانبار، کیان نگەهدار، چالاکوانی فەرهەنگی و مەدەنی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و ڕفێندراوە بۆ شوێنێکی نادیار و چارەنووسی نادیار و لە شاری کرماشانیش نیما ڕازیانی، کە یەکێک لە بریندارانی خۆپێشاندانەکانی شۆڕشی ژینا بووە، ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی ڕێبەندان لە گەڕەکی پەردیس دەسبەسەر کراوە.

هەروەها فەریبورز سادقی، لاوی خەڵکی شاری ئیلام، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢١ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران، چارەنووس و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی، لەبەر دەستدا نییە و ئەوەش بووەتە هۆی نیگەرانیی بنەماڵەکەی و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش هیچ زانیارییەکیان لەو بارەیەوە بڵاو نەکردۆتەوە.

سەرکوتکردنی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە تەنیا لە شارەکانی کوردستان بەرتەسک نەبوونەتەوە، بەڵکوو لە شارەکانی دیکەی ئێرانیشیان بەردەوام دەسبەسەر و سەرکوت دەکرێن، ئومێد ئەمانی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “پیرمغار”ـی سەر بە کامیاران، ڕۆژی چوارشەممە ٨ی ڕێبەندان لە شاری تاران دەسبەسەر کراوە، سابیر بەساتی، خەڵکی پارێزگای ئیلام و دانیشتووی کەرەج، ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانبار لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.

جێی ئاماژەیە کە، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە کۆتا بەدوداچوونی ماڵپەڕی خۆڕاگری، هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی ئەو هاووڵاتییانە لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکانیشیان بێئاکام ماوەتەوە و ئەوەش بووەتەوە هۆی نیگەرانیی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و بنەماڵەکانیان و لە دۆخێکی خراپی دەروونیدان و نیگەرانن لە ئەشکەنجەدانی ڕۆڵەکانیان بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*