هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شنۆ بەشێوەی کاتیی ئازاد بوو

خۆڕاگری: فەرزاد مەحموودپوور، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شنۆ، بە دانانی بارمتەی قورس و بە شێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، فەرزاد مەحموودپوور، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری شنۆ، پاش تێپەڕبوونی ١١مانگ لە دەسبەسەربوونی بەدانانی بارمتەی قورس بە بڕی ٢ملیارد تمەن بە شێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کراوە.

فەرزاد مەحموودپوور، لەکاتی دەسبەسەربوونیدا، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر دراوە بۆ ئەوەی بتوانن دانپێدانانی زۆرەملێی لێ‌وەرگرن و ناوبراو مانگی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەرو پاش لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە، لە گرتنگەیەکی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ورمێ.