ناڕوونی جارەنووسی هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی پیرانشار

خۆڕاگری: سەلاح بایزیدی، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار، پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٠ڕۆژ دەسبەسەر بوون، تائێستا چارەنووسی ناڕوونە.

ڕۆژی شەممە، ٤ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: سەلاح بایزیدی، خەڵکی گوندی “کانیباخ”ـی سەر بە شارەدێی لاجانی پیرانشار، ماوەی ١١ ڕۆژە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە و تائێستا چارەنووسی ناڕوونە و هەروەها لەو ماوەیەدا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک چاوپێکەوتن و پەیوەندیی تەلەفوونی لەگەڵ بنەماڵە و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە.

هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم، ١١ڕۆژ لەمەوبەر درەنگانێکی نیوەشەو هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی سەلاح بایزیدی و وێڕای شکاندنی دەرگای ماڵەکەیان، چوونەتە ژوورەوە و سەرەڕای ئەوەش کە دۆخێکی نائارام و تۆقێنەریان دروست کردووە، بە شێوەیەکی دڕەندانە ناوبراویان دەسبەسەر کردووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار کە تائێستاش چارەنووسی ناڕوونە.

شایانی باسە کە، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵ ناوبراو لە بەردەستدا نییە و هەروەها بە دیاریکراوی بەرەبایەنی ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی گەلاوێژی ئەمساڵ، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی سەلاح بایزیدی و بە شێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕفاندووە.