سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر چالاکێکی کرێکاریی خەڵکی سەقز

خۆڕاگری: عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سەقز، لەلایەن دەزگایقەزایی ڕێژیمەوە سزای ٣٩ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی شاری سەقز، لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لەو شارە بە سەرۆکایەتیی قازی “مستەفایی” بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، سزای ٣١ مانگ و ١۵ڕۆژ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

هاوکات عوسمان ئیسماعیلی، بە تۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی کۆماری ئیسلامی لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ژینا ئەمینی، سزای ٧ مانگ و ١۵ڕۆژ بەندکردن و کۆی گشتیی ٣٩ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە و ناوبراو لە لاپەڕەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرامی خۆی نووسیویەتی: سزای ٣٩ مانگ بەندکردن، بۆ ١۶ مانگ و وێڕای ماوەی دەسبەسەربوونی پێشووی کەم کراوەتەوە.

شایانی باسە کە، عوسمان ئیسماعیلی، یەکێک لە چالاکانی کرێکاریی ناسراوی خەڵکی شاری سەقزە کە لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن هێز و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بانگ کراوە و  زۆربەی جاریش دەسبەسەر و بێ‌ڕێزی پێکراوە.