دەسبەسەرکردنی چالاکێکی خەڵکی مەریوان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: فەرزاد جاوید، یەکێک لە چالاکی مەدەنیی خەڵکی مەریوان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ماوەی ١٠ڕۆژ دەبێ کە فەرزاد جاوید، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری مەریوان و یەکێک لە ئەندامانی “ئەنجومەنی سەوزی چیا”ـی ئەو شارە، لەلایەن هێزە سەرداگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و قەزایی دەسبەسەر کراوە.

شایانی باسە کە، ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، فەزاد جاوید، ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەروەها هەموو بەدواداچوونو سەردانی بنەماڵەی ناوبراو بۆ ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بێ‌ئاکام ماوەتەوە.