خۆڕاگری: نزیکەی ٣٠هاووڵاتیی کە مێرمنداڵ و خوێندکار و ژنیشی تێدایە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە شارەکانی دێهلوڕان، مەلەکشایی، بەدرە، ئاودانان، سەراوڵە، هەرسین، شاباد، ماهیدەشت، گیەڵان، کرماشان، نووراوا و دەڕەشار دەسبەسەر کراون.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ‘خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٤ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “٤ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی، شاهین قەسربەیگی لە سەراوڵە و محەممەدئەمین بازگیر تەمەن ١٩ ساڵان، نیما ناسری تەمەن ٢٠ ساڵان و حەسەن نووردیوەند، سێ هاووڵاتیی خەڵکی دەڕەشاری سەر بە پارێزگای ئیلام لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون و بێسەروشوێنن، هاوکات دلارام کازمی خەڵکی گیەڵانیش هەر لەو ڕۆژەدا دەسبەسەر کرابوو و لە ئێستادا بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.
هەروەها ڕۆژی شەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “٣ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی”، سەلمان مەردانی، عەلیڕەزا موئمنی خوێندکاری تەمەن ١٨ ساڵان، ئەبولفەزل ساکی مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵان و سەججاد خورشیدی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە دێهڵوڕانی سەر بە پارێزگای ئیلام دەسبەسەر کراون.
هاوکات لەهامنڕۆژدا، محەممەد زیادی خەڵکی کرماشان، سەعید دەروێشی خەڵكی شاباد، مەیسەم بێهزادی خەڵكی ماهیدەشت و یووسف ساڵخوردە هونەرمەندی تاتۆکار خەڵکی گیەڵانـی ش لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کران و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و هەروەها لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنەکان لەو ڕۆژەدا، زەبیح عەبدی و دوو برا بە ناوەکانی حەمید کەرەمی و مێهدی کەرەمی، هاووڵاتییانی خەڵکی کرماشان، عەبدوڵڵا ئەحمەدی و پوویا نادری مێرمنداڵی تەمەن ١٩ ساڵان و مێهدی شێخی، هاووڵاتییانی خەڵكی ئاودانانی پارێزگای ئیلام دەسبەسەر کراون و بێسەروشوێنن.
هەر لە درێژەی دەسبەسەرکردنەکاندا، مستەفا فەرەجی خەڵکی مەلەکشاهی، سەڵاڵ سادقی خەڵکی چەرداوڵ و فائیزە ڕەشیدی خەڵکی “بەدرە”ـی سەر بە پارێزگای ئیلام لەلایەن هێزە چەکدارە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران و و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و ڕۆژی هەینی ١٢ی بەفرانباریش، ئەمین شوکریپوور و شەهرووز شوکریپوور، دوو هاووڵاتیی خەڵکی دەڕەشار، ڕەزا باقرینژاد خەڵكی سەراوڵەی ئیلام و عەلی چراغی، میلاد عەلیبەیگی و ڕەحیم محەممەدوەلی خەڵکی هەرسینـی سەر بە پارێزگای کرماشان دەسبەسەر کران.
