خۆڕاگری: لە درێژەی سیاسەتی سەرکوت و بەرزبوونەوەی گوشارە ئەمنییەکان، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لانیکەم ١٢ هاووڵاتیی خەڵکی کوردستانییان دەسبەسەر کردووە.
ڕۆژی شەممە، ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “١٠ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” بەپێی زانیارییەکانی ژووری هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” زۆرترین ڕێژەی دەسبەسەرکردنەکان لە پارێزگای کرماشان چڕ بووەتەوە و لە شاری گێڵانغەرب ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە، ١٧ و ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، هێزە سەرکوتکەراکانی ڕێژیم، چوار هاووڵاتییان بە ناوەکانی بەردیا دەروێشی، بێهنام بڵەندبەخت، نەوید نەجەفی و عەلیشا شیرمحەممەدپوور دەستبەسەر کردووە.
هاوکات لەگەڵ شەپۆلی دەسبەسەرکردنەکان، خانمە چالاکێکی مەدەنیی خەڵكی گێڵانغەرب بە ناوی دلارام کازمی، کە پێشتریش دەسبەسەر و ئازاد کرابوو، جارێکی دیکە لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرایەوە و هەروەها
لە شاری قەسری شیرین، وەحید شادمان، وێنەگر و بەرپرسی کۆمەڵەی وێنەگرانی ئەم شارە، لە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباردا دەسبەسەر کراوە و ناوبراو پێشینەی دەسبەسەرکردنی لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاویشدا هەبووە و لە شاری سونقوڕیش، دوو برا بە ناوەکانی موحسین کامیاب و موسلیم کامیاب، لە ڕۆژانی ١٥ و ١٦ی بەفرانباردا، دوای هەڵکوتانی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ سەر ماڵەکەیان بەشێوەیەکی توندوتیژانە دەسبەسەر کراون.
لەلایەکی دیکەشەوە، دۆخی ئەمنی لە پارێزگای ئیلامیش نالەبارە و لە شاری دێلوڕان پێنج هاووڵاتی بە ناوەکانی ئیحسان ئەحمەدی، حوسێن کەرەمی، محەممەد مورادی، ئەحمەد خوسرەوی و ئەحمەدی زەینی و لە شاری ئاودانانیش هاووڵاتییەک بە ناوی ئارمین پیرانی لە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباردا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندراون.
زۆربەی ئەو دەسبەسەرکردنانە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی و بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکان و هاووڵاتییانیان دەسبەسەر کردووە و هەروەها تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووس و دۆخی تەندروستی دەسبەسەرکراوەکان لەبەردەستدا نییە و ئەوەش بووەتە هۆی نیگەرانیی قووڵی بنەماڵەکانیان.
