سەپاندنی سزای بەندکردن و دوورخستنەوە بەسەر دەسبەسەرکراوێکی شۆڕشی ژینا لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: محەممەد سۆهرابی، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار کە ساڵی ڕابردوو لە کاتی شۆڕشی ژینادا دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە سزای ١٦مانگ بەندکردن و دوورخستنەوەی بەسەردا سەپێندراوە.

ڕۆژی دووشەممە، ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایەگەیاند: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا محەممەد سۆهرابی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری پیرانشار کە ساڵی ڕابردوو لە درێژەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی‌دا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە مەهاباد، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی سزای١٦مانگ بەندکردن و دوورخستنەوەی لە زێدی خۆی بەسەردا سەپێندراوە.

محەممەد سۆهرابی، بۆ ماوەی یەک ساڵ سزای دوورخستنەوەی لە زێدی خۆی بەسەردا سەپێندراوە و دەبێ لە ماوەی ئەو ساڵەدا لە پارێزگای زەنجان بمێنێتەوە و هەروەها ناوبراو ڕۆژی ٢١ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو لە بەردەوامیی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی‌دا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە پیرانشار دەسبەسەر کرا و پاش تێپەڕبوونی دوو مانگ بە دانانی بارمتەی ٥ملیارد تمەنی بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرا.