خۆڕاگری: شەش هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی (عیرفان خەسرەوئابادی، دیاکۆ ئیبراهیمی، شەمسەدین فاتیحی، ئەمین فەرەجوڵڵایی، حوسێن مەحموودی و مێهرداد محەممەدی) لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و چارەنووسی زۆربەیان نادیارە.
بەپێی زانیارییەکانی ژووری هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “١٥ی فێوریەی ٢٠٢٦ی زایینی” هاووڵاتییەک بە ناوی “عیرفان خەسرەوئابادی” لە ڕێگای نێووان شاباد بۆ کرماشان، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی و بە شێوەیەکی توندوتیژانە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.
شیروان (خۆراسانی باکوور): سەرەڕای تێپەڕبوونی ٣٩ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی خۆسەرانەی هاووڵاتییەکی تەمەن ٢٩ ساڵانی کورد بە ناوی “دیاکۆ ئیبراهیمی”، خەڵکی شاری شیروان، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لەبەردەستدا نییە، ئەمەش نیگەرانیی قووڵی لای بنەماڵەکەی دروست کردووە.
لە شاری سنە، ڕۆژی دووشەممە ١٣ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەک بە ناوی “شەمسەدین فاتیحی” لەلایەن ڕێژیمەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە و بنەماڵەی ناوبراو ڕایانگەیاندووە کە تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی لەسەر هۆکاری گرتنەکەی نەدراوە و ئاگاداری دۆخی جەستەیی نین.
ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەک بە ناوی “ئەمین فەرەجوڵڵایی”، خەڵکی شاری ئاودانان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و هەروەها لە شاری ئیلام قوروە ـش، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی حوسێن مەحموودی خەڵکی ئیلام و مێهرداد محەممەدی، خەڵکی شاری قوروە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

Be the first to comment