مامۆستایەکی زمانی کوردیی خەڵکی بۆکان لەلایەن ڕێژیمەوە بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا

خۆڕاگری: سووسەن حەسەن‌زادە، مامۆستای خۆبەخشی زمانی کوردی، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیەوە، سزای ٣مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی هەینی، ٢٠ی ڕەزبەری ١٤٠٣ی هەتاوی، هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: سووسەن حەسەنزادە، چالاکوانی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردیی خەڵکی شاری بۆکان کە سەرەتای ئەمساڵ بۆ ماوەی ١مانگ دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ڕێژیمەوە لە بۆکان بەتۆمەتی بانگەشە بەدژی حکوومەت، سزای ٣مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

سووسەن حەسەن‌زادە، لە ڕێکەوتی ٢٦ی بانەمەڕێ ئەمساڵ، لەئاکامی هێرشی هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم بۆسەر ماڵەکەیان بە بەکارهێنانی توندوتیژی و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و پاش نزیکەی مانگێک ڕاگیران بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ ئازاد کرا.