کۆماری ئیسلامی سزای بەندکردنی بەسەر هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان‌دا سەپاند

خۆڕاگری: مەنیژە خۆشنوود، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، لەلایەن دەزگای قەزایی و ڕێژیمی ئێرانەوە، سزای ١٠مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢١ی ڕەزبەری ١٤٠٣ی هەتاوی، مەنیژە خۆشنوود، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان کە هاوینی ئەمساڵ بۆ ماوەی مانگێک و ٨ڕۆژ دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ٢ی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەو شارە، بەتۆمەتی چالاکیی تەبلیغی بەدژی حکوومەت، سزای ١٠مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کە هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کرا و پاش یەک مانگ و ٨ڕۆژ ڕاگیران بەشێوەی کاتیی و بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.