دەسبەسەرکردنی چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی ورمێ لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: حەمید چەپاتی، چالاکوانی مەدەنیی خەڵکی ورمێ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠٣ی هەتاوی، حەمید چەپاتی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری ورمێ دوای ئەوەیکە لەلایەن ئیدارەی پۆلیسی کۆماری ئیسلامی بانگ کرابوو هەرلەوێ دەسبەجێ بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی پێش بانگکردنی ناوبراو هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان و بەتەواوی ماڵەکەیان پشکنیوە، بەڵما حەمید لە ماڵەوە نەبووە و دواتر لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفوونیەوە ئاگاداریان کردۆتەوە کە سەردانی ئیدارەی پۆلیسی ڕێژیم بکات.

جێی ئاماژەیە کە، ئەو چالاکوانە لە کاتی دەسبەسەرکردنییەوە تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.