
خۆڕاگری: ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕۆژی ١٠ی ئۆکتۆبەردا ڕایگەیاند: ژیان سەرەتاییترتن مافی هەر مرۆڤێکە کە بە نەمانی ژیان، مافی مرۆڤیش هیچ مانایەکی نامێنێت.
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سزای ئیعدام بە دیاردەیەکی قیزەون و دوور لە هەموو ڕێسا و یاسا ئینسانییەکان دەزانێت، بۆ هیچ کەس و لایەنێک ڕەوا نییە کە بەخاتری پاراستنی دەسەڵات و بەرژەوەندی تاکەکەسی بڕیاری کۆتایی هێنان بە ژیانی کەسێک بدات. بە تایبەتی بەندکراوانی سیاسی کە هەموو ژیانی خۆیان کردۆتە قوربانی ئازادی و خوشبەختی وڵات و گەلە کەیان.
ناوەندەکانی مافی مرۆڤ بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی سزای لە سێدارەدان نیگەرانیی قووڵی خۆیان لە زیادبوونی بەرچاوی ئێعدامەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەربریوە، کە بە بەپێی ئامارە پشتڕاستکراوەکان، لە ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ١٥٠٠ کەس سزای سێدارەیان لەسەر جێبەجێ کراوە، کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.کە تەنیا لە نیوە یەکەمی مانگی ڕەزبەر دا زیاتر لە ١٢٠ کەس بە تاوانی جۆراوجۆر لە ئێران لە سێدارە دراون.
هەر بۆیە لە ڕۆژی دژایەتی لەگەڵ سزای ئێعدام داوا لە کۆمەڵگە نێودەوڵەتی و ناوەندکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ دەکەین، کە هیچی تر لە ئاست ئەو پێشێلکاریە ئاشکرایەی ڕژیم کۆماری ئیسلامی ئیران لەمەڕ بەڕێوەبردنی سزای ئیعدام بێ دەنگ نەبن و گوشار بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی بۆ ڕاگرتنی ئەو سزا دژی ئینسانیە. داوا لە وڵاتانی دێموکرات و کاریگەری دونیا دەکەین کە بەردەوام خۆیان بە داکۆکیکاری مافی مرۆڤ و پێش قەراوڵی پاراستنی مافی مرۆڤ دەزانن، سات و سەودا بازرگانییەکانیان کار نەکاتە سەر ئەوە کە چاویان لە بەرامبەر بە بەڕێوەچوونی سزای ئیعدام بنوقێنن و بێدەنگ نەبن .
داوا لە کۆمەڵگای ئیران و بەتایبەتی کوردستان دەکەین، ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان و چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە هەموو ئاستێک دا تواناکانیان ڕێک بخەن، بۆ دژایەتی و ڕاگرتنی ئەو سزایە واتە” ئیعدام “،کاری جیدی و هەنگاوی جیدی هەڵبگرن. بۆ ئەوەی بە هەموولایەکمان بتوانین ڕێگری لە بە ڕێوەچوونی ئەو سزایە بەکەین و چیتر کوران و کچان و گەنجانی وڵاتەکەمان لە پێناو بەرژەوەندی دەسەڵاتداران نەبنە قوربانی وسەریان نەچێتەبن پەتی سێدارە.
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ١٠/١٠/٢٠٢٥